سەبیحە شێخ جەلال هاوسەری عەلی عەسکەری

بەرنامەی ئەمجارەی پەنجەمۆر میوانداری سەبیحە شێخ جەلال، خێزانی عەلی عەسکەری کردووە. سەبیحە خان لە ساڵی ١٩٤٤ لە سەرگەڵو لە بنەماڵەیەکی شێخزادە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٥٩ لەگەڵ عەلی عەسکەری هاوسەرگیری دەکات و ماوەیەکی کورت لە کەرکووک دەژی. ئەگەرچی بواری ئەوەی بۆ نارەخسێت بچێتە بەر خوێندن، بەڵام خۆی فێری خوێندن و نووسین دەکات.

سەبیحە بە بەردەوامی لەگەڵ مێردەکەی لەگەڕاندا دەبێت. عەلی عەسکەری لە سەرەتایی لاوێتییەوە تێەکەڵاوی سیاسەت دەبێت و ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت. لە ساڵی ١٩٦٠ دەکرێتە بەرپرسی پارتی لە موسڵ و کەسێکی بڕواپێکراوی مەلا مستەفا بارزانی سەرۆکی شۆرش دەبێت. لە دوای جیابوونەوەی باڵێ جەلالییەکان لەسەر داوای مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و هاورێکانی شوێن ئەو باڵە دەکەوێت و دەچێتە هەمەدان لەگەڵیان. دواتر لە ساڵی ١٩٧٤ دەچێتەوە شاخ و بەشداری لە شۆرشدا دەکات.

سەبیحە شێخ جەلال لە ساڵی ١٩٧٦ جارێکی دیکە لەگەڵ مێڕدەکەی و منداڵەکانی دەچنەوە شاخ و پاشان دەچێتە سوریا و لە ساڵی ١٩٧٩ دەگەرێتەوە عێراق و پاشان کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت.

لەم بەرنامەیەدا سەبیحە خان، چەندین لاپەڕەی ژیانی خۆی و عەلی عەسکەری هەڵدەداتەوە.

لەوەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: عەلی عەسکەری زۆری پێناخۆش بوو پێی بڵێن جەلالی و دیگوت ئێمە جەماعەتی حیزبین".

دەربارەی ئەوەی کە شاڵاوی کوڕی فایلی هەبووە، دەڵێت: "مێژوو دەریدەخات کێ فایلدار بووە".

وەڵامی ئەو پرسیارەش دەداتەوە: بۆچی لە سوریاوە گەرانەوە بۆ بەغدا! ئێستا پەیوەندیان لەگەڵ ماڵی مام جەلال چۆنە؟ ئەمانەو وەڵامی چەندین پرسیاری دیکە دەداتەوە.

پەنجە مۆر
مێژووی کوردستان زۆر لاپەڕەی هەڵنەدراوەی تێدایە. لەبارەی زۆر رووداوی گرنگ لەو مێژووەدا گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەن. زۆر پرسیار هەن کە هەر پرسیار ماونەتەوە و وەڵامیان نەدراوەتەوە. زۆر کەسایەتیش هەن کە رۆڵی مەزنیان گێڕاوە لە مێژووی کوردستاندا و خەریکن چیرۆکی ئەو رووداوانەی خۆیان تێیدا بەشداربوون لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە ژێر خاک. بەرنامەی پەنجەمۆر دەیەوێ ئەو مێژووە دۆکیۆمێنت بکات. ئەویش لەڕێگەی زنجیرە هەڤپەیڤینی ٤٨ خولەکی لەگەڵ هەریەکە لە کەسایەتییەکان.